ئیسماعیل سانیار، چالاکیی مەدەنی شاری بۆکان، پاش دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم، دۆخی نادیارە.

بە تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئیسماعیل سانیار، چالاکیی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشووی شاری بۆکان، هێشتا شوێنی مانەوە و دۆخی ناوبراو نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی چوارشەمە یازدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییەی شاری بۆکان، بەبێ بڕیاری دادوەر، ناوبراو دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەری، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نادیارە.
ئیسماعیل سانیار، پێشتر لە خەزەڵوەری ١٣٩٤، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ” دەستبەسەرکرا، لێپرسینەوەی لێکرا و دواتر بە پێدانی بارمتە ئازادکرا. لەکاتێکدا کە سەرەتا لە تۆمەتەکانی بێتاوان کرابوو، دادگای پێداچوونەوە لە خەزەڵوەری ١٣٩٥، ناوبراو بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە تۆمەتی «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی” سزادرا. سانیار پاش زیندانیکردنی بۆ ساڵێک لەم سزایەدا، لە خاکەلێوەی ١٣٩٩، بە لێبووردنی نەورۆزی ئازادکرا.

