
ئیبراهیم ڕەحمانی، چالاکی ژینگەپارێز و هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بە تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژین و هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئیبراهیم ڕەحمانی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی پیرانشار، لە دوای هێرشی شەوانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و ناوەندە ئەمنییەکانیش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و دۆخی ناوبراو نەداوە.

