
سەعدی بادپا، هاووڵاتییەکی تەمەن ۲۳ ساڵی خەڵکی پیرانشار، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە کەلوپەلە تایبەتییەکانی وەک ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی هێشتا لای هێزەکانی ڕژیم ماونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، سەعدی بادپا بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری و بە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە زیندانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای نزیکەی ٢٠ ڕۆژ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی و لێپێچینەوە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە کۆتاییدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، بە بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێزەکانی ڕژیم بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەیدا گرتووە و سەرەڕای ئازادکردنی کاتی، تا ئێستا ئەم کەلوپەلانەیان بۆ نەگەڕاندووەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕوون دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەعدی بادپا بڵاو نەکراوەتەوە و ئەم هاووڵاتییە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە هەبوونی پارێزەر و دیداری بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

